هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکەی سەربازیی ” دارۆلڕەسالە ” شوێنی نیشتەجێبوونی میلیشیا حووسییە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سەنعا کردە ئامانج.
هاوپەیمانی عەرەبیی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی هەینی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پاش چاودێری کردنی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە سەنعا و گواستنەوەی هێز و چەکوچۆڵ لەلایەن ئەو گرووپە میلیشیایەوە بنکەی سەربازیی” دارۆلڕەسالە “مان لە هێرشێکی ئاسمانیدا کردۆتە ئامانج و هەروەها هێرش بۆ سەر ڕێبەرانی میلیشیا حووسییەکان و بنکە و مۆڵگە سەبازییەکانیان ئامانجی بەردەوامی هاوپەیمانی عەرەبییە.
لەبەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هاوپەیمانیی عەرەبی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا کە سەرەڕای بەردەوامبوون لە هێرشەکانی بۆ سەر میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان هیچ خەسارێک بە هاووڵاتییانی مەدەنی ناگات.
جێگەی ئاماژەیە کە هاوپەیمانیی عەرەبی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێرشێکی دیکەی کردبووە سەر دامەزراوە ژێر زەوینیەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە سەنعا و بەتەواوەتی ئەو دامەزراوە نهێنییەی میلیشیا حووسییەکانیان لە ناوبردووە.