٢٥ نۆڤامبری هەموو ساڵێك بۆنەیەک بۆ ڕیزگرتن لە خەبات و تێكۆشانی بێ وچانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەكانیان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەكسانیی ڕەگەزی لە نێوان مرۆڤەكاندایە.
ئەو ڕێكەوتە لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو بۆنەیەکی جیهانی بە مەبەستی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دیاری کرا.
بابەتی توندوتیژی دژ بە ژنان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە وڵاتانی جیهاندا پرسێکی گشتگیرە کە بە پێی هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی و هتد ڕەهەندی جیاواز لە خۆ دەگرێت، و بەو پێیە بەرەنگاربوونەوەشی ئەرکێکی مێژوویی و ئینسانی بۆ هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و وڵاتانی دیکەی زاڵ بە سەر کوردستاندا بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمە سیاسییەکان، یاساکان، نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووری کۆمەڵگاکانە کە مخابن ئاگایانە یان نائاگایانە چۆتە نێو بیرکردنەوەی تاکەکانیش و زۆر جار لە هەڵسوکەوتی تاکەکان لە بنەماڵە و کۆمەڵگا و لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
سەرباری پاشخانێکی مێژوویی دوور و درێژی پڕ لە نەهامەتی بۆ ژنان لە ئێران و کوردستاندا، هاتنە سەرکاری ڕیژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی وەک باری سەر باری هەموو دەردانیش، ژیان و چارەنووسی ژنانی خستە بەردەم سێ کوچکەی یاسای کۆنەپەرەستانە، نەریتی دواکەوتوانە و ئایینی بە ئیدئۆلۆژیکراوی حکوومەت و ژنان لەو ماوەیەدا قوربانییەکانی زۆریان لە خەبات و بەرەوڕووبوونەوەی ئەو سیستمە دژەمرۆییەدا داوە.
ئەو سیستمە سیاسییەی كە ئێستا وەكوو وەیشوومەیەك باڵی بەسەر وڵاتەكەماندا كێشاوە، هەم میراتگری كۆمەڵێك داب و نەریتی پیاوسالارانەیە كە خۆبەخۆ دژ بە ویستی ڕەوا و ئەمڕۆیی ژنانی یەكسانیخواز كار دەكات و هەم بۆ خۆی بەرهەمهێنەری كولتوور و عەقڵیەتێكی ئیدئۆلۆژیكە كە ژن لەو كولتوورەدا خاوەنی هیچ مافێك و هەڵگری هیچ بایەخێكی مرۆیی نیە و تەنیا وەكوو ئامراز و كاڵا و كۆیلەیەك بۆ خزمەتكردن بە پیاوان و دەزگای بەرهەمهێنانی حەشیمەتێكی گوێڕایەڵ بۆ بەردەوامی و مانەوەی سیستم چاوی لێ دەكرێت.
لە دیارییەكانی ئەو سیستم و کولتوورە دواکەوتووە بۆ ژنان دەتوانین ئاماژە بۆ هەڵاواردنی جێگیرکراو لە یاساکانی ژیانی هاوژینی، میرات، یاسای فرەژنی، سیغە و هاوشێوەکانی و یاساكانی دیكەی تایبەت بە پێگەی ژن لە بنەماڵە و ژیانی هاوبەشدا، قەساس و حەد و تەعزیر و خوێنبایی، ڕەواییدان بە قەتڵی نامووسی، دەستدرێژی و ئازاردانی سێكسی لە شەقام و زیندانەکان و ئیداراتی حکوومەتی و هەموو بوار و قوژبنەکانی ژیان لە ئاستی گشتی و تایبەتی کۆمەڵگادا، بەردبارانكردن، سەرکوتکارییەکانی گەشتی ئیرشاد، کەڵکاژۆ وەرگرتن لە ژنان بۆ مەبەستی سیاسی، حیجابی زۆرەملی و بەربەست دانان بۆ بەشداریی چالاكانە و ئازادی ژنان لە بوارەكانی ژیانی سیاسی و كولتووری و كۆمەڵایەتیدا بكەین كە کارتێکەرییەکانی لەسەر ژنان دەتوانین لە دووتوێی هەواڵەكانی پێوەندیدار بە پێشێلكردنی مافەكانی ژنان و كارەساتەكانی پێوەندیدار بە ژیانی ژنان وەكوو تووشبوون بە مادە سڕكەرەكان، خۆكوژی و خەمۆكیدا ببینین کە بەشێكی زۆر كەم لەو ڕاستییانە لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕەنگ دەداتەوە.
لە وەها كۆمەڵگا و سیستمێكدا ژنان و پیاوانی یەكسانیخواز ئەركێكی زۆر قورسیان بۆ هەڵگرتنی بەربەستەكان لە ئەستۆیە و لەگەڵ هەڕەشە و گوشاری سیستمی سیاسی و توێژی كۆنەپارێز و دواكەوتووی كۆمەڵگا بەرەوڕوو دەبنەوە كە چاوی بە دیتنی پێناسەیەكی نوێ و مرۆڤسالارانە بۆ پێگەی ژن و پێكهێنانی هاوسەنگییەكی ڕاستەقینە لە نێوان ژن و پیاودا هەڵنایەت.
لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی خەباتكاری ئێران و كوردستان بوێرانە بۆ داكۆكی لە مافەكانی خۆیان ڕاوەستاون و تێچووی قورسی ئەو خەباتە هەرگیز نەبۆتە هۆی ئەوەی كە ژنان لە داوا ڕەواكانی خۆیان پاشگەز ببنەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا خەباتی ژنان بۆ لابردنی كۆسپەكانی سەر ڕێگای وەدیهێنانی مافەكانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بۆتە بەشێكی دانەبڕاو و پێشەنگی خەباتی هەموو چین و توێژە ماف پێشێلكراوەكان بۆ بە چۆكداهێنان و ڕووخاندنی سیستمی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی كۆماری ئیسلامی.
لە ٢٥ی نۆڤامبری ئەمساڵدا، ئێمە وەكوو ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەرجۆرە هەنگاو، یاسا، نەریت، بیرکردنەوە یان کردارێکی تاکەکەسی یان سیستماتیک کە شکۆ و پێگە و کەرامەتی مرۆیی ژنان بکاتە ئامانج، یان هەڕەشە لە تەناهیی دەروونی و جەستەییان بکات، پشتیوانیی خۆمان لە هەموو داوا ڕەواكانی ژنان بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگایەكی بەختەوەر و ژیانێكی مرۆیی كە لە ڕاستیدا داواكاری و ویستی هەموومانە، دەردەبڕین.
لەو پێوەندییەدا بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین کە لە هەر گۆڕەپانێکی خەباتە ڕەواکەماندا و لە هەر تریبوونێكەوە كە لە بەردەستماندا بێت، دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی هاواری مافخوازانەی ژنانی ئازاردیتووی وڵاتەكەمان و خەباتی ئەوان بۆ دابینبوونی ماف و داخوازییەكانیان و گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە ئازار و هەڕەشە بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات و ئەرکی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی خۆمان دەزانین.
سڵاو لە ژنانی مافخواز و خەباتگێڕی وڵاتەكەمان
سەركەوتوو بێت خەبات بۆ یەكسانیی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢١ی زایینی
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی