لاوێکی خەڵکی شاری سەقز بەناوی “سەیوان ئازەرپوور” کە تووشی ڕووداوێک بوو و بۆ ماوەی حەوتوویەک لە کۆمادا بوو، لەسەر داخوازیی پێشتری خۆی، ٦ئەندامی سەرەکی جەستەی بەخشرایە ٦نەخۆشی دیکە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەحیا ئازەرپوور باوکی سەیوان وتی: کوڕەکەم بەردەوام داوای لە من و دایکی دەکرد کە ئەگەر ڕۆژێک بە هەر هۆکارێک تووشی هەر ڕووداوێک بووم، ئەندامەکانی جەستەم ببەخشن بە کسانێکی دیکە و با ئەوان ژیانیان بۆ بگەڕێتەوە، ئێمەش لەسەرداخوازیی و حەزی خۆی ئەو کارەمان کرد و هیوادارین ئەندامەکانی جەستەی سەیوان بە ئارامییەوە لە جەستەی نەخۆشەکان کار بکەن و ڕۆحی سەیوان ئاسوودە بێت.
هەروەها ناوبراو وتیشی: کوڕەکەم دوای ڕووداوێک کە لە ۳۰ی خەزەڵوەردا ڕوویدا، چووە حاڵەتی کۆما و هەوڵی بێ بڕانەوەی پزیشکان بۆ ڕزگارکردنی بێ ئاکام بوو، تا ئەوەى شەوی ڕابردوو ئەندامەکانی جەستەی لە نەخۆشخانەی سینای تاران بەخشرایە ٦ کەس کە پێویستیان بە پەیوەند بوو و بە بەخشینی ئەندامانی جەستەی سەیوان ژیان بۆ ئەو نەخۆشانە گەڕاوەتەوە.