بەرپرسانی ئیسرائیلی لەهەمبەر ئەگەری ڕێککەوتنێکی ناتەواوی ئەمریگا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە، هوشداری دەدەن و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنانەت ئیسرائیل بەبێ هیچ یارمەتییەکی ئەمریکاش دەتوانی ڕووبەڕووی رێژیمی ئێران ببێتەوە.
ئیتای تێگنێر،بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لەوتوویژێکدا بە ڕادیۆ” ١٠٣ ئێف ئێم”ی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئەمریکا بگا بە ڕێککەوتنێکی ناتەواو لەگەڵ رێژیمی ئێران، ئەوە ئەرتەشی ئیسرائیل بەبێ یارمەتیی ئەمریکاش هێزی ئەوەیان هەیە کە ڕووبەڕووی سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران ببنەوە و هەموو هێزی وڵاتەکەمان بۆ ڕاوەستانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بەکار دێنین.
لەلایەکی دیکەوە کێنت مەکێنزی، فەرماندەی بنکەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا بە بڵاوکراوەی”تایمز”ی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران، هێزەکانی ئامادەن بە بڕیاری سەرۆککۆمار هێرشی سەربازیی بکەنەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.
هەرلەم پێوەندییەدا هاوکات لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “وال ئێستریت ژۆرناڵ”دا هاتووە کە بەرپرسانی ئیسرائیل بە دەوڵەتی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە خۆی بپارێزێ لە رێکەوتنێکی ناتەواو لەگەڵ رێژیمی ئێران و ڕێکەوتنی ناتەواو وەکوو ئەوەیە کە خەڵاتێک بدەن بە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، یەکێک لە جێنایەتکارەکانی مێژووی ئێران و دەبێتە هۆی کێشە لە نێوان جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا و کۆمەڵگەی ئەمریکا.