لەدڕیژەی هێرشە سایبێرییەکان بۆ سەر دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا سیستمی زانیاریی بەنداوەکانی ئێران بووەتە ئامانجی هێرشی سایبێری.
دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە سیستمی زانیاریی بەنداوەکانی ئێران لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بەردەوام بوونەتە ئامانجی هێرشی سایبێری و تەنانەت کارمەندانی بەنداوەکانی ئێران ناتوانن زانیارییەکانیان لە رێگەی هێڵی ئینتێرنێتەوە بگوازنەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە هەرلەم پێوەندییەدا و لە درێژەی هێرشە سایبێرییەکان، بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە پاش هاتنی نامەیەکی ئاگادارکردنەوە ماڵپەڕی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان هەککراوە و گرووپێک لەژێرناوی” هۆشیارانی وەتەن” بە بڵاوکردنەوەی تویتێک بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەیان وەئەستۆگرتووە و رایانگەیاندووە کە کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان بەهۆی هاوکاری لە جینایەتیەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، بوەتە ئامانجی ئەو هێرشە سایبێرییە.