ڕابێرت مالی، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئەگەر ئێران نزیک ببێتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، ئەمریکا دەستی بەسراو نابێ وتی: ئەگەر ئێران نەیهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ئەوە ئێمە ڕێکارگەلێکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دەگرینەبەر.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ نەتەوەیی ئەمریکا وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەیهەوێت بە خێراترین کات لە وتووێژە ناوکییەکانی حەوتووی داهاتوودا لە ڤییەن بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەوە ئەمریکا ڕێگەچارەیەکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دەبینێتەوە و ئیزن نادات کە ڕێژیمی ئێران بە کات بەفیڕۆدان لە وتووێژە ناوکییەکان دەستی بە بۆمبی ناوکیی ڕابگا.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: لە ئیستادا ئێران ئەو دەرفەتەی هەیە کە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی و ئەگەر پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی ئەوە ئەمریکاش پێبەند دەبێ بە ڕێککەوتنی ناوکیی و ئامادەیە کە ئەو گەمارۆگەلەی کە دژایەتیی لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیی هەیە لاببا.