٦٠هەزار منداڵ لە ئێراندا تووشی( دژخۆریی) خواردنی نەشیاو و کێشی کەمن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی منداڵانی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ کە کێشی کەم و خواردنی نەشیاویان هەیە لە ئێراندا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە ئێستادا ٨ پارێزگای ئێران ئەمنییەتی خۆراکییان نییە.
لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا زیاتر لە ٦٠ هەزار منداڵ لە کوردستان و ئێراندا چوونەتە ڕیزی ئەو منداڵانەوە کە تووشی کێشی کەم و دژخۆریین کە لە ساڵەکانی سەرەتایی ژیانی منداڵدا دەبێتە هۆی “کەمیی گەشەی جەستە، کورتەباڵایی و دواکوتوویی بیر”
بەپێی ئامارە فەرمییەکان نیوەی منداڵانی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ لە جیهاندا بەهۆی خۆراکی کەم و نەشیاوەوە گیانیان لەدەست دەدەن.
دژخۆریی منداڵ پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەژاری هەیە و بەهۆی تاڵانی ماڵ و داراییی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە زیاتر لەسەتا ٣٥ی حەشیمەتی ئێران لە هەژاریدا ژیان دەکەن و ئەو ڕێژەیەش لە ساڵی ١٤٠٠دا زیاتر بووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەی کارناسان، هێڵی هەژاری لە ئێراندا ١٢ میلیۆن تمەنە و بەو شێوەیە هەژاریی زیاتر لەسەتا ٥٠ی حەشیمەتی ئێران دەگرێتەوە.
پارێزگاکانی “کرماشان، ئیلام، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، سیستان و بەلووچیستان و خوراسانی باشوور” زۆرترین ڕێژەی هەژارییان هەیە.