١٢ ناوەندی بڵاوکردنەوەی کتێب و دەزگای چاپەمەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی سلێمانی لەو شارە بەشدارییان کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆکاری قەیرانەکانی وڵاتی ئێران و بەتایبەت زاڵبوونی دۆخی گرانی و هەڵاوسان و دژواری بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەخۆی دەگرێت، هەروەها بەهۆی تێچووی زۆری چاپ و خراپی دۆخی دارایی و داهاتی نووسەران و لێکۆڵەران، کتێبەکانیان لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات چاپ دەکەن یان بە شێوەی فایلی پیدیئێف بڵاو دەکەنەوە، وێڕای ئەوەش کە نووسەران و لێکۆڵەرانی ڕۆژهەڵات زۆر جار مۆڵەتی چاپبوونی کتێب و بەرهەمەکانیان پێ نادرێت، مەجالی بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی ئازادیشیان پێ نادرێت، بۆیە لە پێشانگاکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە باشووری کوردستان بەرهەمەکانیانەوە دەخەنە بەرچاوی گشتی و بەتایبەت خوێنەران و لایەنگرانی کتێب.
لە ساڵانی ڕابردوودا نووسەر و لێکۆڵەران و هەروەها ناوەند و دەزگا چاپەمەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشانگاکانی کتێب لە باشووری کوردستان و بەتایبەت لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی سلێمانی کە ساڵانە لەو شارە بەڕێوە دەچێت، بەشدارییەکی بەرچاویان هەبووە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمساڵ ڕێژەی بەشداریی نووسەر و لێکۆڵەرانی ڕۆژهەڵات زیاتری کردووە و هەروەها لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە کە ١٢ ناوەندی بڵاوکردنەوەی کتێب و دەزگای چاپەمەنیی جیاوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کتێبگەلێکی جیاوازترەوە لە پێشانگای نێوەدەوڵەتیی کتێبی سلێمانی لەو شارە بەشدارییان کردووە.
لەم پێوەندییەدا ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی کتێب و دەزگا چاپەمەنییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی کە بەشدارییان لەو پێشانگایە تێچوویەکی ماڵیی زۆر بۆیان هەڵدەگرێت، بەڵام بەشداریکردنیان لەو پێشانگایەدا پێویستە و زیاتر بۆ ئەوەیە کە بتوانن درێژە بە چالاکییەکانان بدەن، هەروەها ڕایشیانگەیاندووە کە کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێنەری کتێب کێشەیەکی سەرەکیی ئەوانە و پێویستە کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر ڕوو بکەنە کتێبخوێندنەوە.
پێشانگای کتێبی نێوەدەوڵەتیی کتێبی سلێمانی کە ساڵانە بە بەشدارییەکی باشی نووسەر و لێکۆڵەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵیش لە ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کرایەوە کە تاکوو ڕۆژی شەممە، ٦ی سەرماوەز، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.