شەڕەدەندووکی نێوان باڵەکانی ڕێژیمی ئێران و لەقاودانی گەندەڵییەکانی یەکتر زیاتر پەرەی ستاندووە و داوێنی بەرپرسانی سەرەوەی ڕێژیمیشی گرتووەتەوە.
لە درێژەی شەڕە دەندووکی نێوان باڵەکانی ڕێژیمی ئێران کە داوێنی بەرپرسانی سەرەوەی ڕێژیمیشی گرتووەتەوە، بەرپرسان و کاربەدەستان ڕێژیم و بەتایبەت بەرپرسانی باڵەکانی ئەو ڕێژیمە، فایل و پەروەندەی دزیکردن و گەندەڵییەکانی یەکتر هەڵدەدەنەوە و داوای دادگاییکردنی یەکتر دەکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە درێژەی شەڕە باڵباڵێنەکانی ڕێژیمدا، “مەحموود ئەحمەدینەژاد” سەرۆککۆماری خولەکانی ٩ و ١٠ و “حەسەن ڕووحانی” سەرۆککۆماری خولەکانی ١١ و ١٢ی ڕێژیم، فایلی دزیکردن و گەندەڵییەکانی یەکتریان هەڵداوەتەوە و هەردووکیان داوا لە بەرپرسانی ئێستای ڕێژیم دەکەن کە لە دادگایەکی دادپەروەرانە و بێلایەنانەدا دادگایی بکرێن و کۆمەڵیک لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەش داوای دادگاییکردنی هەردووکیان دەکەن.
لەم پێوەندییەدا حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری خولەکانی ١١ و ١٢ی ڕێژیم لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە تووڕەییەوە فایلی کۆمەڵێک لە دزیکردن و گەندەڵییەکانی دەورانی سەرۆککۆماریی “ئەحمەدینەژاد”ی هەڵداوەتەوە و وێڕای ئاماژەکردن بە دەسبەسەرکردنی هاودەستەکانی ئەحمەدینەژاد، وتی: “ئەگەر خودی ئەحمەدینەژادیش دادگایی بکرێت، ئەو کات بۆ هەموو لایەک دەردەکەوێت کە چ تاوانگەلێکی کردووە، کەوایە دەبێت لە دادگایەکی فەرمیدا بە ڕاشکاوانە دادگایی بکرێت و بەبێ هیچ دڕدۆنگییەک سزای قورس بەسەریدا بسەپێندرێت”.
پێشتریش “مەحموود ئەحمەدینەژاد” سەرۆککۆماری خولەکانی ٩ و ١٠ی ڕێژیم، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا پەردەی لەسەر گەندەڵییەکانی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئێستا و پێستری ئەو ڕێژیمەی هەڵدایەوە و داوای کردبوو کە دەبێت ئەو بەرپرسانە و بەتایبەت “حەسەن ڕووحانی”، سەرۆککۆماری خولەکانی پێشتری ڕێژیم دەبێت دادگایی بکرێن و بەبێ هیچ ترس و دوودڵییەک سزای قورس و ڕاشکاوانەیان بەسەردا بسەپێت.
هەر لەم پێوەندییەدا “موحسێن کوهکەن”، نوێنەری دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس، داوای کردووە کە هەردووکیان دەبێت داداگایی بکرێن و ڕایگەیاندووە؛ دادگاییکردنی ئەحمەدینەژاد و ڕووحانی، سەرۆککۆمارەکانی خولەکانی پێشووتر، دەبێتە پەندێک بۆ کەسانی دیکە تاکوو بە ڕێگەی ئەو دوو سەرۆککۆمارەی پێشتردا نەڕۆن.