ڕێژەی هەڵهاتنی مێشکەکان لە وڵاتی ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئێران پلەی یەکەمی دیاردەی هەڵهاتنی مێشکەکانی لە جیهاندا هەبێت.
بەپێی کارناسیی کارناسان و ئاماری ناوەندە ئامارییەکان، دیاردەی هەڵهاتنی مێشکەکان و بژاردە و بلیمەتەکان لە وڵاتی ئێراندا دیاردەیەکی نوێ نییە و مێژوویەکی کۆن و دێرینی هەیە، بەڵام ئەوەی کە جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم دیاردەیە زیاتر پەرە دەستێنێت و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیەن کە هەنووکە بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ئەو وڵاتە و خۆشیان دانیان بەوەدا ناوە.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئێحسان قازیزادە” نوێنەری دەستنیشانکراوی یەکێک لە باڵەکانی ڕێژیم لە مەجلیس، بە میدیاکانی ڕێژیمی ڕاگەیاند کە ڕێژەی هەڵهاتاتنی پزیشکان و خوێندکاران لە ئێراندا پەرەی ستاندووە و وتی: “لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٤ هەزار پزیشک و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خوێندکار کە خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرا بوون، ئێرانیان بەجێ هێشتووە”.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بلیمەت و بژاردە و خوێندکارانی ئێران وتی: “کەسانێک کە لە زانکۆ و زانستگەکاندا لاوان و خوێندکاران هان دەدەن بۆ ئەوەی وڵات بەجێ بهێڵن، دوژمنی وڵاتن و خیانەت بە وڵاتی ئێران دەکەن”.
قسەکانی کاربەدەستان و بەتایبەت ڕێبەری ڕێژیم لە کاتێکدایە کە خودی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و گوشارەکانیان بۆسەر خەڵک و بەتایبەت خوێندکاران، هۆکاری سەرەکیی هەڵهاتنی خەڵک و بەتایبەت بلیمەت، بژاردە، خوێندکاران و لاوانی وڵاتی ئێران و بەتایبەتیتر هەڵهاتنی بلیمەت و بژاردەکانی نەتەوەی کورد لە نیشتمانی خۆیانە.
پێشتریش سەندووقی نێودەڵەتیی پارە لە ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر قەیرانی هەڵهاتنی پسپۆڕەکان لە وڵاتی ئێراندا ڕایگەیاندبوو کە ئێران لە سەرانسەری جیهاندا پلەی یەکەمی دیاردەی هەڵهاتنی مێشکەکانی هەیە.