“عەلی شەریعەتی” ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێ: لە بازرگانیی ئازاددا، تەنانەت ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان بارودۆخی لە ئێران باشترە.
عەلی شەریعەتی، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ئێران، ڕۆژی سێشەممەی ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، باس لەوە دەکات کە ئابووری ئێران بەگشتی داڕماوە و بارودۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات؛ ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا وێڕای ئاماژەکردن بە گەمارۆکانی سەر ئێران، وتی: دەرگای ئابووریی جیهان لەسەر ئێران داخراوە و دەرفەتی ئەوەمان نییە تاکوو بازرگانی و هەناردەکردنی وڵات گەشە پێبدین و ئەو هۆکارانە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆژبەڕۆژ ژیانی خەڵک ناخۆشتر ببێ و لە بواری گەشەی ئابوورییەوە بکەوینە پاش وڵاتانی جیهانەوە، وێڕای ئەوەی کە ئێران لە گرووپ و ڕێکخراوە ئابوورییەکانی ناوچەکە ئەندامە، بەڵام نەبوونی ژێرخانی پێویست و گەمارۆکان دەرفەتی هەناسەکێشانی لە ئابووری ئێران ستاندووە.
عەلی شەریعەتی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەندامنەبوونی ئێران لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی کارێکی کردووە کە لە ئێستادا ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، زۆر بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابینکردنی پارە جێبەجێ بکات و ئێران لە بازرگانیی ئازاددا کەوتووەتە دوای تاڵیبانیشەوە.