برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “عەلی ئیبراهیمیان” خەڵکی شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک عەلی ئیبراهیمیان، برای شەهید “ڕەحیم ئیبراهیمیان”، شەهیدی ڕێگای ئازادی و سەربەستی کورد و کوردستان، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ڕێبازی پیرۆزی برا شەهیدەکەی و هەموو کەسوکاری کرد.
کاک عەلی کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و تا کاتی ماڵاوایی لە ژیان بە ڕێبازی برا شەهیدەکەی وەفادار مایەوە و هەموو کات دڵی بۆ ئازادی و وەدیهاتنی خەونی شەهیدانی کوردستان لێیدەدا.
شەهید ڕەحیم، پێشمەرگەیەکی ئازا و قارەمانی حیزبی دێموکرات بوو کە گیانی خۆی کرد بە قوربانی بۆ ئازادی نیشتمانەکەی و لە ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە دەستی لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگ بوو و هەر لەو پێناوەشدا لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا پەیوەست بوو بە کاروانی نەمرانی کوردستانەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک عەلی، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.