وڵاتی ئوستراڵیا گرووپی حیزبوڵای لوبنانی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لێ دەکا، خستە لیستی تێرۆرەوە و وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناساند.
کرێن ئەندروز، وەزیری ناوخۆی وڵاتی ئوستراڵیا، ڕایگەیاند کە، گرووپی حیزبوڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێ، خراوەتە لیستی تێرۆرەوە و وەکوو گرووپێکی تێرۆریست ناسێنراوە؛ لەهەمانکاتدا وڵاتی ئوستراڵیا گرووپێکی نێئۆنازی بە ناوی “دی بیس”ـیشی خستووەتە لیستی میلیشیا چەکدارەکانەوە و ئەویشی وەکوو حیزبوڵای لوبنان وەکوو تێرۆریست ناساندووە.
ئەندروز لەو ڕاگەیەندراوەدا باسی لەوە کردوە کە، حیزبوڵای لوبنان بە هێرشی تێرۆریستی و پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، هەڕەشەیەکی جییدییە بەدژی وڵاتی ئوستراڵیا و گرووپی حیزبوڵای لوبنان ڕاستەوخۆ لەژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و بڕیاری تێرۆر و کردەوەی تێکدەرانە لە تاران وەردەگرن، هەربۆیە دەبێ هەموو هاوپەیمانانی ناوچەکە هەڕەشەی هێرشەکانی حیزبوڵا بە هەڕەشەیەکی جییدی بزانن و بەرپەرچی بدەنەوە.