هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ چارەسەری کێشەی بێ ئاویی لە بانە کۆتایی پێ هات.
لە ڕۆژانی ٢٤ی خەزەڵوەر هەتا ٣٠ خەزەڵوەری ١٤٠٠، بە هەوڵی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “پاژینی بانە” هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لە هاوشارییان بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەی بێئاوی لەو شارە دەستی پێکردبوو و توانرا زیاتر لە ١٠هەزار واژۆ کۆ بکرێتەوە.
لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی پاژین لە ڕاگەیەندراوێک دا دەڵێ:
“لە پاش ڕاگەیاندن و دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە، خەڵکێکی زۆر لە هەموو چین و تووێژەکانی نیشتەجێی بانە ڕوویانکردە شوێنی هەڵمەتەکە و ناو و واژۆیی خۆیان لەسەر تۆمارێک کە بۆ ئەو بابەتە دابین کرابوو نووسیی تا بە شێوازێکی مەدەنیانەو دوور لە تووندووتیژی داخوازی خۆیان واتە دابین کردنی ئاوی خاوێن و هەمیشەیی بگەیێننە دەسەڵات و لایەنی پێوەندیدار، کە ئەم داخوازییە ڕەوایە مافی بێ ئەملاولای هەموو تاکێکی نیشتەجێی ئەم وڵاتەیە و توانرا لەم هەڵەمەتەیا زیاتر لە ۱٠ هەزار واژۆ لە شارۆمەندانی بانەیی کۆ بکرێتەوە.”
ئەو ڕێکخراوە ژینگەپارێزە لە ڕاگەیێنراوەکەیدا سپاس و پێزانین و ئەمەگناسیی خۆیان ئاراستەی هەموو دانیشتووانی شار و ئاواییەکانی بانە؛ ژن و پیاو و کچان و کوڕان و پیر و گەنج و ئەنجومەنە خەڵکییەکان و گروپە وەرزشی و شاخەوانییەکان، گروپەکانی شانۆ و هەڵپەڕکێ و هەموو ئەو ڕاگەیاندنانەی بانە کردووە.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە، با دامەزراوە حکومەتییەکانیش بە پیر ئەو داخوازییە ڕەوایەی خەڵکەوە بێن و کێشە و گرفتی ئاوی خواردنەوەی خەڵک چارەسەر بکەن.