کۆماریخوازانی ئەمریکا: پشتیوانی ئەمریکا لە خەڵکی ئێران نە تەنیا پێویستییەکی ستراتیژیکییە، بەڵکوو پێویستیی ئەخلاقییە.
یاسادانەرانی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا داوایان لە دەوڵەتی بایدێن کرد کە لە ڕەوتی دانیشتنەکانی بووژانەوەی بەرجام، ئەو گەمارۆیانەی پێوەندییان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران هەیە، هەر وەک خۆیان بمێننەوە.
بەپێی هەواڵی “واشنگتتۆن فێری بیکێن” ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە ئەندامانی”کۆمیتەی کاروباری دەرەوە”ی، مەجلیسی نوینەرانی کۆنگرەی ئەمریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد، کە تەنانەت ئەگەر لە ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ناچار بن هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە لابەرن، گەمارۆە پێوەندیدارەکان بە مافی مرۆڤەوە لانەبردرێن و وەک خۆی بمێننەوە.
یاسادانەران هەروەها ویستیان بزانن کە دەوڵەتی “جۆ بایدێن” لە بەرامبەر سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کە بریتییە لە کوشتن، ئەشکەنجە، دەسبەسەر کردنی ناڕازییانی دژی ئەو ڕێژیمە، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا دادگایی کراون چ هەنگاوێکی ناوە و ناوبراویان بە “پەردەپۆشکردن”ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تاوانبار کرد.
کۆماریخوازنی کۆنگرەی ئەمریکا ڕوو بە بایدێن دەڵێن بە سەرنجدان بە کەلێنێک کە لە نێوان خەڵک و ڕێژیمی ئێراندا هەیە، پشتیوانیی ئەمریکا لە خەڵکی ئێران نە تەنیا پێویستیی ستراتیژیکە بەڵکوو پێویستیی ئەخلاقییە و دەبێ ئەمریکا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکا و ڕێگە نەدا کە مافی مرۆڤ لەلایەن ئەو ڕێژمەوە پێشێل بکرێ.
لابردنی گەمارۆکان لەسەر گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا، تەنیا بە مانای تواناسازیی کەسانێکە کە سەرقاڵی سەرکوت نێوخۆیی و دەستدرێژی بۆسەر دەرەوەن.