لە سەرەتای دەسەڵاتداریی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ١٠٠ ڕۆژی یەکەمدا، ٦٣٠ کەس کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدریی “تلووع نیوز” لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان، پاش تێپەڕبوونی ١٠٠ ڕۆژ لە بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان، ڕایگەیاندووە کە لەوماوەیەدا زیاتر لە ٦٣٠ کەس کوژراو و بریندار بوون.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەسانە لە ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا لەژێر دەسەڵاتداریی تاڵیبان، لە حەوت ڕووداوی جیا جیا کوژراو و بریندار بوون.
لە پەنا ئەو ڕووداوانەدا، پاش دەسەڵاتداریی تاڵیبان لە ئەفغانستان ، داداگای سەحرایی لەو وڵاتە دروست بووە و چەندین کەس لە کاربەدەستان و سەربازانی پێشووی ئەو وڵاتەیان بە بەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە داوە و ڤیدیۆی لە سێدارەدانەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردۆتەوە و کاربەدەستانی تاڵیبان ١٠٠ ڕۆژی یەکەمی بە دەسەڵات گەیشتنی خۆیان بە پڕ لە دەسکەوت داناوە.