وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، هێرشی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سەنعا پێتەختی یەمەنی بە توندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هێرشی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا هەوڵێکی جینایەتکارانە و پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستان “واس”، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی سێشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سەنعا لەلایەن میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانەوە و دەسبەسەرکردنی کارمەندانی باڵوێزخانەکە ڕایگەیاند کە ئەم هەوڵەی میلیشیا حووسییەکان هەوڵێکی جینایەتکارانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکانە.
وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان لە درێژەی بەیاننامەکەیدا داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە دەبێ ڕووبەڕووی سەرەڕۆییەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن ببنەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ٣٠ کەس لە کارمەندانی خۆجێیی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سەنعا لەلایەن میلیشا حووسییەکانەوە دەسبەسەر کراون.