بەرپرسانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن یان دەبێ هەر ئێستا ڕووبەڕووی بەرنامەی ناوکیی ئێران ببنەوە یان دە ساڵی دیکە کە ڕێژیمی ئێران لە هەموو بوارێکدا بەهێزتر دەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “فاکس نیوز” کە ڕۆژی سێشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوبوەتەوە، زۆربەی کارناسانی سەربەخۆ و بەرپرسانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا نیگەرانن لەوەیکە دەوڵەتی بایدێن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران و ڕێککەوتنی ناوکیی نەرمی بنوێنێ کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەمریکا و بەهێزبوونی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر ئەمریکا.
هەر لەم پێوەندییەدا “ڕیچ گێڵدبێرگ” بەرپرسی بەرنامەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکی کۆمەڵکوژی ڕێژیمی ئێران لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا دەڵێ: ڕێککەوتنی کاتیی دەوڵەتی بایدێن لەگەڵ رێژیمی ئێران کە دەبێتە هۆی پاراستنی هێزی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، کارەساتبارە.
گێڵدبێرگ لەم بارەوە بە هەواڵدەریی فاکس نیوزی ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی ئێرانی هەم دەیانهەوێت گەمارۆکانی سەر ئێران لابچێ و هەمیش مەبەستیانە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەن بە خاڵێک کە بە شێوەی یاسایی دەستیان بە چەکی ناوکیی ڕابگا.