میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە هاوبەشی تاران لە ڕێگای قاچاخی نەوتی خاوی ئێران و هەروەها سپیکردنەوەی پارە، تێچووی ماڵیی شەڕ دژی دەولەتی یاسایی یەمەن دابین دەکەن.
لە ڕاپۆرتی ناوەندێکی سەربەخۆی یەمەن بە ناوی “ئێبتکار”، باس لە چالاکیی کۆمپانیاکانی بازرگانی یەمەنی کراوە کە سەر بە بەرپرسانی پلەبەرزی گرووپی حووسییەکانن لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی سپیکردنەوەی پارە بە هاوبەشی و پشتیوانیی تاران بە مەبەستی قاچاخی نەوتی خاوی ئێران بۆ دابینکردنی ماڵیی میلشیا حووسییەکان تاکوو بە دژی دەوڵەتی یاسایی یەمەن شەڕ بکەن.
ناوەندی ئێبتکار ڕایگەیاند کە، میلیشیا حووسییەکان بە پاڵپشتی ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی کودەتا لە دەوڵەتی یاسایی یەمەنن و تەواوی سەروەت و سامانی خەڵکی مەدەنییان بە تاڵان بردووە؛ میلیشیا حووسییەکان لە ماوەی چەند ساڵدا دەستیان بەسەر شاری “سەنعا”ـدا گرتووە و بازرگانانی یەمەنیان خستووەتە پەراویزەوە و کەسانی نزیک لە خۆیانیان بە مەبەستی قاچاخی نەوت و سپیکردنەوەی پارە لەو شوێنانە داناوە و ڕێژیمی ئێرانیش لە بواری ماڵییەوە پشتیوانیان دەکا. هەروەها ئەو گرووپە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ٣٠ کۆمپانیای نەوتی بە ناوگەلێکی جۆراوجۆ دروست کردووە بۆ ئەوەی لە باری ماڵییەوە بەهێز بن و ئەو داهاتە ببێتە سەرچاوەیەکی ماڵی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی یاسایی یەمەن.