لەم ماوەیەدا ڕاپۆرتێک لەسەر ئاستی گەندەڵیی دارایی لە بەشی بەرگری و ئاسایشی جیهان لەسەر ماڵپەڕی “شەفافییەتی نێودەوڵەتی” بڵاوکرایەوە کە پیشان دەدات دۆخی گەندەڵی لە بواری بەرگری و ئاسایشی ئێران لە ئاستێکی مەترسیدار دایە.
ئەم ڕاپۆرتە بە مەبەستی پیشاندانی ئاستی گەندەڵی لە بواری بەرگری و ئاسایشی وڵاتاندا کراوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن بەشی پاراستن و بەرگری ئەو ڕێکخراوە بڵاوکراوەتەوە، دۆخی گەندەڵی لە بواری بەرگری و ئاسایشی ئێران لە ئاستێکی مەترسیدار دایە.
شەفافییەتی نێودەوڵەتی زانیاری لەسەر ئاستی گەندەڵیی دارایی لە دەزگا ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت لقی ئابووریی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ناوی “خاتەمولئەنبیا” بە سوودوەرگرتن لە سزا نێودەوڵەتییەکانی دژ بە ئێران، دەستی کردووە بە قۆرخکردنی چالاکییە ئابوورییەکان لە زۆربەی بەشەکاندا، بەتایبەت پیشەسازی نەوت و گاز و بووەتە بڕیاردەری سەرەکی لەم بەشانەدا و هەر بەم بۆنەوە سوودێکی زۆری دەست کەوتووە و زیانێکی زۆری بە ئابووریی ئێران و کەرتی تایبەت گەیاندووە بۆ نموونە، پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی ١٣٨٨ـی هەتاوی و دوای ئەوەی عەلی خامنەیی بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییە گشتییەکان پشتی بە سپا و ئیتلاعاتەوە بەست، ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییانە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە بەرەنگاربوونەوەی خەڵک و ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە مانەوەی عەلی خامنەیی و بەپێچەوانەشەوە خامنەیی دەسەڵاتی سیاسی و دواتر دەسەڵاتی ئابووری ئەو دامەزراوە تێرۆریستییانەی دوو هێندە زۆرتر کرد.
فەرماندەکانی پێشووی سپا ئێستا نەک تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵات وەک ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامی و پارێزگا و شارەوانییەکان و تەنانەت وەزارەتەکانیش بەڵکوو لە پیشەسازییە گرنگەکانی وڵاتدا کۆنترۆڵی بارودۆخەکەیان بەدەست گرتووە و گۆشەگیریی سیاسی و دواجار ئابووریی ناسەقامگیری ڕێژیم، ڕێگری لە سەرمایەدانانی دەرەکی گرت و بەشداری لە گرێبەستەکان مایەوە بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی سپا و ئیتلاعات.
شایانی باسە کە وەزارەتی ئیتلاعاتیش وەکوو گرنگترین ڕکابەری سپا بووە لە چالاکییە نایاساییە ئابوورییەکاندا، گەندەڵی دارایی بەشێکی دانەبڕاوە لە چالاکییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانە و لە ساڵانی ١٣٧٠ـی هەتاوییەوە زۆرێک لە بەرپرسانی ئیتلاعات ڕوویان لە چالاکییە ئابوورییەکان کردووە لەوانە قاچاخی کەلوپەل کە ئەمەش تەنیا بەشێکی کەم لە گەندەڵییە داراییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتە.