لە درێژەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێراندا، هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی بەحرەین گرووپێکی تیرۆریستی سەر بەو ڕێژیمەیان لەو وڵاتە دەسبەسەر کرد.
لە درێژەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی بەحرەین، گرووپێکی تێرۆریستی سەر بە ئەو ڕێژیمە، کە پیلان و بەرنامەی تێرۆریستییان هەبووە و بە چەکوچۆڵ و کەرەستەی تەقینەوەی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران تەیار بوون، دەسبەسەر کردووە و بەرنامەکەیانی پووچەڵ کردووەتەوە.
لەم پێوەندییەدا لاپەڕەی تویتێری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتی بەحرەین لە تویتێکدا نووسیویەتی: “لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی نیشتمانمان و لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییەتیدا بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پزیشکی یاسایی، تیمێکی تێرۆریستی کە خەریکی پیلانداڕێژی و بەڕێوەبردنی هەوڵێکی تیرۆریستی بوون، دەسبەسەر کراون”.
هەر لەم پێوەندییەدا لاپەڕەی تویتێری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتی بەحرەین لە تویتێکی تردا نووسیویەتی: “لە پێوەندیی بە گرووپە تێرۆریستییە دەسبەسەرکراوەکە، ئەو چەکوچۆڵ و کەرەستانەی کە ئەو گرووپە ویستوویانە بۆ تەقینەوە و هەوڵە تێرۆریستییەکانیان بەکاریان بهێنن و دەستیان بەسەردا گیراوە، هەموویان دروستکراوی ئێرانن”.
ڕێژیمی ئێران وێڕای ئەوەی کە هەمیشە لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەتایبەت وڵاتانی ئورووپایی لە هەوڵی کردەوەی تێرۆریستیدا بووە، زۆر جار ئەو هەوڵانەی تیمەکانی ئەو ڕێژیمە لەلایەن دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتییەکانی وڵاتەکانەوە پووچەڵ کراونەتەوە و باند و تیمەکانی ڕێژیمیش دەسبەسەر کراون و سزای قورستان بەسەردا سەپاوە.