وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئامانجی سەرەکی و گرینگی ئەمریکا ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک ناهێڵێ ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتاییدا یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە دەبێ هەوڵی جیددی بدەین بۆ پێشگرتنی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا و ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئەو هەوڵە سوورن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و ببێتە هەڕەشە بۆسەر مرۆڤایەتی.
هەروەها نێد پرایس، لەسەر ڕاپۆرتێکی “نیویۆرک تایمز” کە لەسەر بەرپرسانی ئەمریکایی بڵاوی کردبۆوە کە گوایا هۆشدارییان بە ئیسرائیل داوە کە هێرشەکانی بۆسەر بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران ئاکامێکی باشی نابێ و دەبێ دەرفەتی زیاتر بە تاران بدرێ بۆ ئەوەی سیستمی ئۆرانیۆمی پیتێندراو نوێ بکاتەوە، وتی: من بە شێوەیەکی گشتی دەڵێم کە ئێمە وەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێوەندییەکی بەردەوام و باش داین، بۆ ئەوەی نەهێڵین کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانی ئێمە و هاوپەیمانان ئەوە دەبێ کە ڕێگای دەستپێراگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی ببەستین.