ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر بارودۆخی ئەفغانستان لەژێر سێبەری دەسەڵاتداریی تاڵیباندا هۆشداری دەدا و دەڵێ: سیستمی بانکی ئەو وڵاتە بەهۆی کەمیی دارایی و دەسکورتی خەڵک بۆ دانەوەی قەرزە بانکییەکان نزیک بووەتەوە لە هەڵوەشانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، رۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەڵێ: نەبوون وکەمیی پارە لە ئەفغانستاندا، گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر سیستمی بانکی ئەفغانستان و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا و لەژێر سێبەری دەسەڵاتداری گرووپی تاڵیباندا سیستمی بانکی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی هەڵدەوەشێتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دڕێژەی ڕاپۆرتەکەیدا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی بانکی ئەفغانستان بە دەسەڵاتداریی گرووپی تاڵیبان لەو وڵاتە ناو دەبات و دەڵێ: پاش بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان، هەموو سەرچاوە داهاتەکان و یارمەتییە ماڵییەکانی وڵاتانی جیهان بۆ ئەفغانستان ڕاگیراوە.