دایە “زەینەب محەممەدئەمینی” ناسراو بە “خەلیفە ماهی”، دایکی شەهیدی فەرماندە “عەلی قۆیتاسی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە “زەینەب محەممەدئەمینی” دایکی شەهیدی فەرماندە “عەلی قۆیتاسی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە زەینەب ناسراو بە “خەلیفە ماهی”، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دێموکراتی شاری مەهاباد ژیاوە و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ گەل و نیشتمان ڕۆڵەیەکی ئازا و بەجەرگی بە ناوی شەهید عەلی قۆیتاسی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید عەلی قۆیتاسی، یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و بەجەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە زۆر بە خێرایی پلەکانی سەرکەوتنی لە قۆناغی شەڕی چەکداری دژ ب ەداگیرکەرانی کوردستان بڕی و بوو بە یەکێک لە فەرماندە ئازا و چاونەترسەکانی حیزبی دێموکرات لە هێزی پێشەوا، شەهید عەلی پاشان لە کۆیە بوو بە مامۆستایەکی بێوێنە لە حیزبدا و وانەی مێژووی جووڵانەوەکانی بە پێشمەرگەکانی حیزب دەوتەوە.
لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی شەهید عەلی قۆیتاسی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوونی دوکتور عەبدوڵڕەحمانی قاسملوو، وێڕای پۆلێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پیلانێکی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێراندا، لەبەردەم قەڵای دێموکرات گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کرد و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە “زەینەب محەممەدئەمینی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی مەهابادی لانکەی کوردایەتی دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.