بەهۆی کەوتنەخوارەی ماشینێکی هەڵگری کۆڵبەران لە جادەی ڕوانسەر بۆ پاوە پێنج کۆڵبەر بریندار بوون و کۆڵبەرێکی دیکەش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوو.
ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ماشینێک لە جۆری پراید کە هەڵگری کۆڵبەران بووە لە نزیک گوندی ملەپاڵنگانە لە جادەی ڕوانسەر بۆ پاوە لانیکەم ٥ کۆڵبەر بریندار بوون؛ بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ٥ کۆڵبەرە خەڵکی گوندی نیمەکارەی میراوا سەر بە سەلاسی باوەجانی بوون.
لەلایەکی دیکەو هەر لەو ڕۆژەدا کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی “جانەوەرە” سەر بە شاری مەریوان بە ناوی سەعید ڕەحیمی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە.
ڕۆژی یەکشەممەش کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی “سەلاحەدین عەلی وەیسی” هەر لەو سنوورە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی پێکرابوو.
جێی ئاماژەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٥٣ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بەهۆی ڕاوەدوونان و بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراون یان بریندار بوون.