وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ: ئێمە پێشوازی لە ڕێککەوتنێکی بەربڵاو، بەهێز و درێژماوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی دەکەین.
بەپێی راپۆرتی ڕۆژنامەی ” جێرۆزالم پۆست” بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکدا لەهەمبەر کێشە ئیستراتیژیکەکانی بەردەم ئیسرائیل وتی: من پێشوازی لە ڕێککەوتنێکی بەربڵاو، بەهێز و درێژماوە دەکەم کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی دەسپێک و هێز و وزەی ئێستای ئەو ڕێژیمە لەنێو ببا و لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکیی و چەکۆچۆڵییەکانی ئێران دەستەبەر بکا.
بێنی گانتس لە بەرەبەرەی دەسپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ڕێژیمی ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی، هەڵوێستێکی بەمجۆرەی بۆ وەبیرهێنانەوەی دەوڵەتی جۆ بایدێن گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمریکایی نیگەرانن لەوەیکە بارودۆخەکە لە چاوەدێریی ئەوان بچێتە دەرەوە و بۆیە دەیانهەوێت لە ئێستادا مژاری ڕێککەتنێکی بەهێز، بەربڵاو و دڕێژماوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وەدوا بخەن و بە شێوەیەکی کاتی لەگەڵ تاران بگەن بە ڕێککەوتنێک کە لەو ڕێککەوتنەدا ئێران هێز و توانا ناوکییەکانی خۆی بپارێزێ.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا وتی: ڕێژیمی ئێران خۆی وەکوو هێژمۆنێک دەبینێ و بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو چەکوچۆڵ دەدا بە گرووپە تێرۆریستییەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە ئایدۆلۆژیا، گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە خۆی، ڕەوانەی هەموو وڵاتانی جیهان دەکات.