بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر قەیران و دیاردەکانی ئەو وڵاتەدا دەستەوەستان ماونەتەوە و خۆشیان دانیان بەوەدا ناوە کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە.
بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت ئەندامانی کابینەی “ڕەئیسی”، سەرۆککۆماری ڕێژیم لە بەرانبەر سەرجەم قەیران و دیاردەکانی ئەو وڵاتە و کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا دەستەوەستان ماونەتەوە و خۆشیان دانیان بەوە داناوە کە جیا لەوەی کە هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نییە، بەڵکوو توانایی چارەسەرکردنیشیان نییە.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “عەباس موخبێر دێزفوولی”، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئێران لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆری جیددی ڕووبەڕوو بووەتەوە و چارەسەرکردنی ئەم کێشانەش کاتی زیاتری پێویستە.
موخبێر، لە بەشیکی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتی ئێران و داهاتی ئەو وڵاتە، دانی بە سەرجەم کێشە و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە و نەبوونی پلان و بەرنامەی پێویست بۆ چارەسەرکردنیانی داناو و وتی: “ئێمە کێشەی بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، گرانی و دەیان دیارە و قەیرانی ترمان هەیە، بەڵام دەوڵەت لەگەڵ کەمیی بودجە ڕووبەڕوویە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کارێکی سانا نییە”.
قسەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێک دایە کە جیا لە بەتاڵانبردنی داهاتی خەڵکی وڵاتی ئێران و دزیکردن و گەندەڵیی بەرپرسان و دامودەزگاکانی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەت ناوەندەکانی سەر بە ڕێبەریی ڕێژیم، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، کچی تێرۆریستی کوژراو قاسم سولەیمانی، زیاتر لە ٥٧ میلیارد تمەنی وەکوو دیاری داوە بە کچانی تازە پێگەیشتووی وڵاتی لوبنان و ئەو بڕە پارەیەش ڕادەستی حیزبوڵای لوبنان کراوە.