وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وڵامی چەواشەکارییەکانی وەزیری بەرگریی تورکیەی دایەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خوڵووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی وڵاتی تورکیە، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە تایبەت بە پرسی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی و بۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕێکخرابوو، لە وڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکی “هەدەپە” لەسەر ڕاستی و دروستیی ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان، وەزیری بەرگریی تورکیە لە بەکارهێنانی ناوی کوردستان تووڕە بوو و قسەکانی پەرلەمانتارەکەی “هەدەپە”ی بڕی و وتی: “لە تورکیە یان لە دەرەوەی تورکیە، هیچ هەرێمێکی جوگرافیایی بە ناوی کوردستان بوونی نییە”.
ئەو چەواشەکارییەی وەزیری بەرگریی تورکیە جیا لەوەی کە دژکردەوەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە کوردستاندا لێکەوتەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وڵامی ئەو چەواشە بێبنەمایانەی خوڵووسی ئاکاری دایەوە.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستاندا هاتووە: “وتەكانی خوڵووسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیە لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە کە كەسێک لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دێموگرافی و ژێئۆگرافی بكات كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە”.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وێڕای ئاماژەدان بە سەردانەکانی وەزیری بەرگریی تورکیە بۆ کوردستان، هاتووە: “عەقڵیەتی ئینكاركردنی میللەتێک و ژێئۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێک ناگات”.
چەواشەکارییەکانی وەزیری بەرگریی تورکیە لە کاتێک دایە کە خۆی دواجار لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا کۆ بۆوە و تایبەتیش سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.