ئەندامێکی دڵسۆز و هەڵسووری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “حەسەن مرادی” خەڵکی پیرانشار و دانیشتووی “چوارقوڕنە”ـی دەڤەری بیتوێن بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، حەسەن مرادی ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەڵکی شاری پیرانشار و دانیشتووی چوارقوڕنە، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە تەمەنی لاوێتیدا بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک حەسەن مرۆڤێکی هێدی و لەسەرەخۆ و خۆشناو و تێکەڵاو بوو، لە حیزبایەتیدا کەسێکی حیزب خۆشەویست و دڵسۆز و چالاک و ماندوویینەناس بوو، لە هەموو کۆڕوکۆبوونەوەکان بەشداریی چالاکانەی دەکرد و کەسێکی جێگای باوەڕ و متمانەی حیزبەکەی بوو و ئەو هەڵسوکەوتانە ناوبراویان لەنێو هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا خۆشەویست کردبوو، بەڵام مەرگ مەودای نەدا زۆرتر لە خزمەتی ڕێبازی حیزبەکەیدا بێ و ئازادی گەل و ڕزگاریی نیشتمان بە چاوی خۆی ببینێت. هەروەها برایەکی ناوبراو ناسراو بە “عەبدوڵا چکۆل” شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی شۆڕشگێڕی مرادی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.