وەرزنامەی “ئاسایشی نەتەوەیی” سەر بە زانکۆی “بەرگریی نیشتمانی” توێژینەوەیەکی سەبارەت بە “لێکۆڵینەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دنیای مەجازی” بڵاو کردۆتەوە و هەوڵیداوە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دروستکردنی مەترسی بۆسەر مانەوەی ڕێژیم زەق بکاتەوە.
لەم توێژینەوەیەدا کە ڕاپرسی لەنێو کۆمەڵێک لە لاوانی شاری سنە کراوە، دەرکەوتووە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مەیل بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەنێوان ئەو لاوانەدا؛ سنە یەکێک بوو لە پارێزگا دیارەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کە لە ئاکامی ئەم خۆپیشاندانانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییانی ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستدا و دەسبەسەر کران.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین دەزگای ئیتلاعاتی و هەواڵگریی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ دەنگوڕەنگی ئەو ڕێژیمە چەندین وتار و ڕاپۆرتیان لەبارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردۆتەوە و لەم لێکۆڵینەوانەدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەهۆی بارودۆخی ئێستای فەزای سایبێرییەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی سیاسی و ئەمنییان بۆسەر ڕێژیمی ئیسلامی دروست کردووە.
ئەنجامی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە وای لە سەرکردەکانی ڕێژیم کردووە کە بە هەموو نرخێک کۆنترۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەن و بە هەر نرخێک بێت بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگای سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتنی گەلانی ئێران بە خزمەتگوزاریی جیهانیی ئینتێرنێت و چاوەدێریکردنی هەموو چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێوخۆیی و بیانییەکاندا پەلەقاژە بکەن.