فەرماندەی هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم لە دانپێدانانێکی نوێدا وتی: ٩ کەس لە هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانپێدانانێکی نوێدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین تێکهەڵچوونی چەکدارییان لە ئاوەکانی کەنداودا لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکادا هەبووە، وتی: لەم تیکهەڵچوونە چەکدارییانەدا ٩ کەس لە هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران کوژراون.
ناوبراو لە دڕێژەدا ڕایگەیاند کە ئێمە تائیستا لەبەر چەندین هۆکار نەمانویستووە کە ئاماژە بە تێکهەلچوونە سەربازییەکانمان لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا بکەین و بە میدیاکانی ڕابگەیێنین.
لەماوەی مانگی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین جارە کە تەنگسیری باس لە تیکهەڵچوونی سەربازیی لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات و ئەمریکا بەردەوام حاشا لەو تێکهەڵچوونانە دەکات و ڕایگەیاندووە کە: هێزە دەریاییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاوەکانی کەنداودا بۆسەیان بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا داناوەتەوە و زۆریان پێخۆشە کە تێکهەڵچوونی سەربازیی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بێتە ئاراوە.