ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە جیهان لە بەرامبەر ئێران بە خاڵێکی هەستیار گەیشتووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئەیال خۆلاتا” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیستمانیی ئیسرائیل لە دانیشتنێک لە “مەنامە” پێتەختی بەحرەین وتی: “جیهان لە ئاست ڕێژیمی ئێران گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیار و کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو پەیامە هاوبەشە بگەیەنین بە ئێران کە ناهێڵین دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و دەبێ بزانین کە ئێران لە هەوڵی کوشتنی کات دایە و دەیهەوێ لە بواری ناوکییدا پوانی زیاتر وەربگرێ و ئێمەش هەرگیز ئەو ڕێگەیە بۆ ڕێژیمی ئێران لەو بوارەدا خۆش ناکەین و ئیزن نادەین دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا”.
ناوبراو هۆشداری بە کۆمەڵگەی جیهانی دا کە ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، ناوچە دەکەوێتە پێشبڕکێی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرتەشی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هەر چەشنە بەرگرییەک لە بەرامبەر ئێراندا.
هەروەها “برێت مەکگۆرک”، هاواهەنگکاری کۆشکی سپی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەو دانیشتنەدا وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێ بە هێزی خۆی ئەمریکا تاقی بکاتەوە، ئامریکا بە هێزی سەربازیی لە بەرامبەر ئێراندا دەوەستێتەوە.