سێ كەس لە هێزە لیباس شەخسییەكانی ئیدارهی ئیتلاعات بەبێ ئەوەی هیچ حوكمێكیان پێ بێ، هەڵیانكوتاوەتە سەر شوێنی كاری ئاسۆ ڕۆستەمی، چالاكی مەدەنیی کوردو مافەكانی منداڵانو بە هەڕەشە كردن لەو که بەرپرسی ناوەندیی فێركاریی مەدەنییه، بە زەبری زۆر كلاسەكانیان پێ داخستووە.
ئاسۆ ڕۆستەمی لەم ناوەندە فێركارییە، وانەی “وەرگێڕا و نووسینی دەق و بەڵگە سیاسییەكان”ی دەگوتەوە و داهاتهکهی بۆ منداڵانی كار تەرخان دەكرا، بهڵام ئەم فێرگهو پۆلهکانی بەهۆی پەلاماری مەئموورە لیباس شەخسییەكانو ترساندنو هەڕەشە كردن لە فێرخوازەكان بە شێوەی ناقانوونی داخران.
ئاسۆ ڕۆستەمی چالاكی مەدەنی، ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو پاش بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەك لە بەردەم دەفتەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان که بە مەبەستی پشتیوانی كردن لە كۆبانێ رێکخرابوو، وێڕای چەند چالاكی مەدهنیی دیكە دەستبەسەر كراو پاش لێکۆڵینهوهو ڕاگیرانی لە بەندی تاكەكەسیدا، ڕاپێچی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین كرا.
ناوبراو بەهۆی چالاكییە مەدەنییە ئاشتیخوازانەكانی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام، پێكهێنانی كۆ و كۆبوونەوە بەدژی ئەمنیەتی میللی و سووكایەتی كردن بە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی حوكمی ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. كۆبوونەوەی دادگایی کردنی ناوبراو وێڕای ٣ چالاكی مەدەنیی دیكە، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆكایەتیی قازی مەقیسە بەڕێوەچوو و لە ئەنجامدا سەرجەم حوكمی ٣٨ ساڵ زیندان بەسەر ئەم كەسانەدا سەپێندرا.
شایانی باسه ئێستا پەروەندەی ئاسۆ ڕۆستەمی لە لقی 36ی دادگای شۆڕشهو گەیشتۆتە قۆناغی پێداچوونەوەو چاوەڕێی دوایین بڕیاری دادگایە. ئەم چالاكەی مافەكانی منداڵان لە ڕێكەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ئەمساڵ پاش ١٦ مانگ لە زیندان ئازاد كرا. ناوبراو تا یهکلابوونهوهی حوكمهکهی بە دانانی بارمەتە ئازاد كراوە.