لە دوو مانگی پاییزی ئەمساڵدا هەر نەبێ تا ئیستا ١٩ کۆڵبەر بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان کوژراون یان بریندار بوون، ١١٤ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی گیراون و ٥ بەندیی کوردیش لە زیندانەکانی کوردستاندا ئێعدام کراون.
“چاونیوز” دەڵێ کوژران و برینداربوونی ١٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی دوو مانگی ڕابردوو لەحالێکدایە کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ١٣٤ کۆڵبەر بەر تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتبوون، بەو پێیە ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون یان بریندار بوون گەیوەتە ١٥٣ کەس.
لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ١١٤کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی، یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردووە. بە زیادکردنی ئەوە کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٩٣ کەس لە کوردستان بە تۆمەتی ئەمنیەتی دەسبەسەر کرابوون، ژمارەی گیراوەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٤٠٧ کەس بووە.