ڕەئیسی، سەرۆککۆماری داندراوی ئێران کۆمەڵە بڕیارێکی لەسەر سەقامگیریی نرخەکان لە بازاڕدا دەرکردووە، بەڵام پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەو نرخەکان بەتایبەت نرخی کاڵا و خواردەمەنییە سەرەکییەکانی ژیان هەر دێ و گرانتر دەبێ.
پەیامنێری “کوردستان” لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا دەڵێ نرخی برینج بۆ کیلۆی ٧٠ هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. هەروەها نرخی شەکر و ڕۆن و گۆشتیش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەتا ٣٠ زیادی کردووە. پێشتریش وەزارەتی سەنعەت و مەعدەن و بازرگانی ڕایگەیاندبوو سەتا ٨٠ی کاڵا بنەڕەتییەکانی ژیان نرخەکانیان بانتر لە قەیرانن کە هێڵکە، ڕۆنەکەرە، سێو، پڕتەقاڵ، پەتاتە، لوبیا، نیسک، چای و پەنیر بەشێک لەوانن.
کاربەدەستانی ڕێژیم دەڵێن چوونە سەرێی نرخی دراوی بیانی، کەمیی هاوردە و دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکانی ژیان و گەمارۆ ئابوورییەکان هۆکاری ناسەقامگیریی نرخەکانن. بەڵام کارناسانی ئابووری بێکیفایەتیی دەوڵەت لە کۆنتڕۆڵی ئاوسان و چاودێریی نرخەکان لە تەنیشت گەندەڵی و دزینی دۆلاری ١٤٠٠ تمەنی کە بۆ هاوردەی دەرمان و خۆراک تەرخان دەکرێ بە هۆکاری ئەو بارودۆخە دەزانن.
چاودێرانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی دەڵێن لە ئێستادا کە قووتی ژیان و گوزەرانی خەڵک گرینگترین بابەتی کۆمەڵگەیە، بەڵام هەم دەوڵەت و هەم مەجلیس گوێیان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک نووقاندووە و هەردوولا هیچ بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری کێشەکانی بژیو و بەڕێچونی خەڵک نییە.