لە درێژەی بێڕێزییەکانی ڕێژیمی ئێران بە پیرۆزییەکان و هێڵە سوورەکانی نەتەوەکانی چوارچێوەی وڵاتی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردووە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بێڕێزییان بە تەرمی تیکۆشەرێکی بەلووچ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هاوئاهەنگیی ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان “سەهاب”، لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان تێکۆشەرانی بەلووچ و هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێراندا هاتووە ئاراوە و نزیک بە ٢٤ کاتژمێری خایاندووە و لەو تێکهەڵچوونەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە بەلووچستان کوژراون.
لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ یەکێک لە تێکۆشەرانی بەلووچ بە ناوی “مەلەک سەمالزەهی” ناسراو بە “شەبەخش”، پاش ٢٤ کاتژمێر بەربەرەکانێ لەگەڵ بەکرێگیراوان و هێزەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ١١ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی کوشتووە و خۆشی گیانی لەدەست داوە؛ پاش گیان لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرە، تەرمەکەی کوتووەتە دەستی هێزەکانی ڕێژیم و بێڕێزییان بە تەرمی ناوبراو کردووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی، بەردەوام بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و هێڵە سوورەکانی نەتەوەکانی چوارچێوەی ئەو وڵاتە کردووە و تەنانەت لە جەستەی بێگیانی تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕی نەتەوەکان ترساوە و بۆ ورەبەخشین بە بەکرێگیراو و لایەنگرانی خۆی، بێرێزیی بە تەرمی شەهیدانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران کردووە.