لە دەشتی “بوقاع” لەژێر چەتری حیزبوڵای لوبنان بووەتە ناوەندی چاندنی ماددەی هۆشبەری حەشیش.
پەیامنێری “ئێی ئاڕ دی” ئاڵمان سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاند: دەشتی بوقاع لە لوبنان ناوەندی چاندنی ماددەی هۆشبەری حەشیشە و نزیکەی ٣٠ هەزار جووتیاری ئەو ناوچەیە کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبوڵا دایە، بەم شێوەیە داهاتیان دەست دەکەوێت.
دەشتی بوقاع ناوچەیەکی بەرزە بە درێژایی ١٢٠ کیلۆمەتر و پانتایی ٨ تا ١٢ کیلۆمەترە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی لوبنانەوە و ئێستاکە یەکێکە لە ناوەندەکانی سەرەکی چاندنی ماددەی هۆشبەری حەشیشە.
لوبنان یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا و دەشتی بوقاع یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی چاندنی حەشیشە کە بەشێکی زۆری ئەو کێڵگانە لەلایەن حیزبوڵاوە بەڕێوە دەبرێت.
گرووپی حیزبوڵا لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت و ئەم گرووپە تەنیا بە چالاکیی سەربازییەوە ڕاناوەستاوە، بەڵکوو خاوەنی چەندین نەخۆشخانە و قوتابخانەن کە توانیویانە بەهۆی بێدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی لوبنان، خۆیان وەک لایەنگری خەڵک پیشان بدەن.
شایانی باسە کە مەزەندە دەکرێت لە سەدا ٧٠ی داهاتی حیزبوڵا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دابین دەکرێ و باقیی داهاتی ئەم گرووپە لە ڕێگای سپیکردنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستەبەر ببێ.