ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی پیلانەکانی خۆیدا جارێکی تر نووکی هێرشەکانی ڕووبەڕووی ژینگە و سروشتی کوردستان کردۆتەوە و خەڵکی کوردستانیش لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەدا بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگەی بانە ــ “پاژین”، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، جارێکی تر ژینگە و سروشتی کوردستان کرایەوە ئامانجی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران و لە درێژەی بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس، ئەمجارە دارەستانی شاری بانە کراونەتە ئامانج و چەندین ماشینی بارهەڵگری گەورە لە دارە بڕدراوەکانی دارستانەکانی ئەو شارە بۆ ناوەندی ئێران گوازرانەتەوە و ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، توانیویانە دەست بەسەر یەکێک لەو ماشینە بارهەڵگرانەدا بگرن.
هەر لە پێوەندیی لەگەڵ ئەنجومەنی پاژینی بانە، ئەو ئەنجومەنە ڕۆژی دووشەممە ۲٤ی خەزەڵوەری ۱٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا گەڵاڵەیەکی لەژێر ناوی “گەڵاڵەی مافی دەستپێڕاگەیشتنی شارۆمەندانی بانەیی بە ئاوی خاوێن و تەندروست” ئامادە کردووە و بە مەبەستی پاڵپشتیی خەڵکی بانە لەو گەڵاڵەیە و کۆکردنەوەی واژۆی خەڵکی ئەو شارە، لە پارکی “شار”ی بانە کەمپەینێکی ڕێک خستووە کە تاکوو ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، درێژەی هەیە.
لە بەشیکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “داوا لە هەموو خەڵکی بانە و بەرپرسانی ئیداری، گرووپە وەرزشی و شاخەوانییەکان، ئەنجومەنە خەڵکییەکان، گرووپەکانی هەڵپەڕکێ و تێکڕای خەڵک، بازاڕییان و ژن و پیاو و لاو و پیر دەکەین کە لەم گەڵاڵەیە بە کۆکردنەوەی واژۆ بە مەبەستی مافی دەستپێڕاگەیشتنی شارۆمەندانی بانەیی بە ئاوی خاوێن و تەندروست لە تۆمارێک کە ئەنجومەنی پاژین بۆ ئەم کارە گرینگە وەگەڕی خستووە، بەشداری بکەن و هیوادارین بتوانین بە کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری واژۆ، دەنگمان بەهێزتر بکەین بۆ گەیاندنی داخوازییەکەمان”.
لەم چوارچێوەیەشدا کۆمەڵیکی بەرچاو لە خەڵکی شاری بانە بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەشدارییان لەو کەمپەینەدا کردووە و ئەو گەڵاڵەیان واژۆ کردووە.