یاسای “لاوێتی کۆمەڵگا” بەبێ چوونە نێو کۆبوونەوەی گشتیی مەجلیسی ڕێژیم لەلایەن کۆمیسیۆنێکەوە پەسەند کرا و پاشان شۆرای نیگابانی ڕێژیمیش ئەم یاسای بە فەرمی ناساند.
پەروانە سەلەحشووری ئەندامی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم ڕەخنەی لەو یاسایە گرت کە بە “لاوێتی کۆمەڵگا” ناسراوە و دەڵێت کاتێک ئەو شتانەی کە بۆ پێشگرتن لە منداڵبوون بەکار دێ، لە دەست خەڵک وەردەگیردرێ، بازاڕی ڕەش بۆ کڕین و فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانە بەرفراوانتر دەبێ .
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی بەهار، سەلەحشووری جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردەوە کە سیاسەتداڕێژان لە ئێران بە دانانی ئەم جۆرە یاسایانە لە مەجلیسدا بەدوای شاردنەوەی کێشە سەرەکییەکانن.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کەس ناتوانێت بە چەکەوە لە ژووری نووستنی خەڵکدا بێت و وتی: “بەڕاستی ئەو یاسایانەی کە لەم بابەتەدا دادەنرێ وەک ئەوە وایە کە کەسێک بە چەکەوە لە ژووری نوستنی خەڵکدا ڕاوەستابێ و ناچار بە منداڵدار بوونیان بکا.
ئەو بەڵێنانەی بۆ هاندانی خەڵک بۆ منداڵبوون دەدرێ، کار ناکات؛ چون کێشە لە شوێنێکی دیکەیە و بەو یاسا ڕواڵەتیانە چارەسەر ناکرێ.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم یاسای “لاوێتی کۆمەڵگا و پاراستنی خێزان” ی بە وەزارەتی تەندروستی و جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ژنان ڕاگەیاند، کە ڕەخنەگران بە “پێشێلکردنی مافی مرۆڤ”ـی دەزانن و دەڵێن ئەم یاسا ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئیدزیان هەیە لە ئێران .
بەپێی ئەو یاسا، پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی کۆرپەلە چیدی پێویست نییەوە و پرۆسەکەش “قورستر” دەبێت.
یاساکە لە ۲٦ـی ڕەشەمەی ۱۳۹۹ـی هەتاوی بەبێ چوونە نێو کۆبوونەوەی گشتیی مەجلیسی ڕێژیم لەلایەن کۆمیسیۆنێکەوە پەسەند کرا و پاشان شۆرای نیگابانی ڕێژیمیش ئەم یاسای بە فەرمی ناساند.
ئەو کەسانەی کە ئەم یاسایان پەسەند کردووە، بەدوای “زیادکردنی دانیشتووان” و “زیادبوونی منداڵبوون” لە ئێرانن؛ یاسایەک کە خامنەیی ڕێبەریی ڕێژیم لە ساڵی ١٣٩٠دا پێشنیاری کردووە.
پێشتر ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، ڕەخنەی لە یاسای “لاوێتی کۆمەڵگا” گرت و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسای کردووە و لە ڕوانگەی شارەزایان و هەندێک لە بەرپرسانی خودی ڕێژیمیشەوە ئەم بڕیارەی خامنەیی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵات زیاتر دەکات.