لە شاری مەریوان بەبۆنەی ڕۆژی جهانیی منداڵان، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە نیگارکێشیی منداڵان بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ناوخۆ، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شاری مەریوان، سەر بە پارێزگای سنە، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە نیگارکێشیی منداڵان لە پارکی “شانۆ”ی ئەو شارە، بە بەشداریی زیاتر لە ٧٠٠ منداڵی ئەو شارە و دەوروبەری بەڕێوە چوو.
شایانی باسە کە ڕۆژی ٢٠ی نۆڤامبری هەر ساڵێک، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیی لە منداڵان و پەرەپێدانی توانایی و پێگەیاندنی منداڵان و بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە وڵاتەکانیان لە بارودۆخی شەڕ دایە یان بەو هۆکارەوە ئاوارە بوون و لە بارودۆخی هەڵاواردن دان، وەکوو ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەستنیشان کراوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕۆژی ٢٠ی نۆڤامبری ١٩٥٩ی زایینی بەرانبەر بە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٣٨ی هەتاوی، بۆ یەکەمجار بەیاننامەی مافی منداڵانی پەسەند و بڵاو کردەوە، هەروەها لە ٢٠ی نۆڤامبری ١٩٨٩ی زایینی بەرانبەر ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٦٨ی هەتاوی، ڕێککەوتننامەی تایبەت بە مافی منداڵانی پەسەند و بڵاو کردەوە.
هەروەها لە پێشەکیی کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان، کە لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی بەرانبەر ١٣٦٨ی هەتاوی، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند و بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە منداڵ دەبێت لە کەشێکی پڕاوپڕ لە بەختەوەری، موحیببەت، خۆشەویستی و تێگەیشتندا بێت و لە وەها بارودۆخێدا گەورە ببێت.
بەڵام بەپێچەوانەی کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان، لە زۆربەی وڵاتانی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر وەکوو ڕێژمی ئێران و وڵاتانی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهان، منداڵان تەنیا وەکوو کەرەستەیە بۆ ڕاکێشانی سۆز و هەستی کۆمەڵگەی ڕۆژاوا بەکار دەهێنن و زۆر جاریش بۆ ئەم مەبەستە و ئامانجەکانی ئەو ڕێژیمانە، منداڵان دەبنە قوربانیی سەرەکی.