وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی “مەنامە”ـی بەرحرەین وتی: ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی هاوپەیمانانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ پشتیوانی لەوان بەردەوام دەبێ و بەدژی تێرۆریسم دەوەستێتەوە و هێڵی نەوتهەڵگرەکانیش بە تەواوی دەپارێزێ.
ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری “مەنامە”ـی پێتەختی وڵاتی بەحرەین بە بەشداری بەرپرسانی پلەبەرزی هاوپەیمانان لەو کۆبوونەوەیەدا، جەختی لەسەر بەڵێنەکانی ئەمریکا لەهەمبەر پشتیوانی لە هاوپەیمانانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و وتی؛ ئەگەر پێویست بکا هێزی سەربازیی زیاتر لە ناوچەکەدا جێگیر دەکەین بۆ ئەوەی بەرپەرچی کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە بدەینەوە و ئێمە لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵێنمان داوە و پێبەندی بەڵێنی خۆشمان دەبین و بۆ بەهێزکردنی هێزەکانمان بەدژی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ داین و هەنگاوی باشیشمان ناوە و ڕێگە نادەین کۆماری ئیسلامی ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
ناوبراو هەر لەم بارەیەوە وتی: مەترسی پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریسم، ئەگەری هەیە بگاتە وڵاتانی دیکەش، بۆیە دەبێ ڕووبەڕوویان ببینەوە، چوونکە نیگەرانییەکان لەسەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە زیادی کردووە و بووتەوە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و دەبێ وێکڕا وەک هاوپەیمان، هەوڵی ئەوە بدەین کە چیدیکە ڕێگە نەدەین ڕێژیمی ئێران بە ئارەزووی خۆی پڕۆژەکانی خۆی دابڕێژێ و دەبێ ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە ببینەوە.