ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە نۆ مانگی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ژووری بازرگانیی تاران، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی کە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی بازرگانیی هاوبەش لەنێوان ئێران و یەکیەتیی ئورووپادا، ئامارێکی نوێی بڵاو کردووەتەوە؛ بەپێی ئەو ئامارە، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و ٢٧ وڵاتی یەکیەتیی ئورووپا لە ٩ مانگی ڕابردوودا گەیشتووتە نزیکەی ٣.٤ میلیارد یۆرۆ.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی بازرگانیی ئورووپا لەو ماوەیەدا، بەهای هەناردەی کەلوپەلی وڵاتانی ئورووپایی بۆ ئێران ٢ میلیارد و ٧٢٠ میلیۆن یۆرۆ بووە و لە بەرامبەریشدا، لە ئێران بە بەهای ٦٣٢ میلیۆن یۆرۆ کەلوپەل بۆ ئورووپا هەناردە کراوە.
شایانی باسە کە لە ٩ مانگی ڕابردوودا ئاستی ئاڵوگۆری بازرگانیی نێوان تورکیە و یەکیەتیی ئورووپا، نزیکەی ١١٣ میلیارد یۆرۆ بووە؛ بەو پێیە تورکیە لە ماوەی ئەو ٩ مانگەدا ٣٣ هێندەی ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئورووپادا بووە.