لە درێژەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەتایبەت سیاسەتی کاولکاریی ژینگەی کوردستان، مۆرەکانی ئەو ڕێژیمە جارێکی تر هەوڵی لەناوبردنی ژینگە و لێڕەوارەکانی کوردستان دەدەن.
بەپێی هەواڵی گەیتشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوان و مۆرە تایبەتەکانی ڕێژیمی ئێران بە تێکدانی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، جارێکی تر قامیشەکانی کەناراوەکانی گۆلی زرێبار لە شاری مەریوانیان ئاگر داوە و ڕووبەرێکی زۆر لەو قامیشانە سووتاون.
هەر لەم پێوەندییەدا لاپەڕەی ئینستاگرامیی “ژینگەدۆستانی زاگرۆس” بە بڵاوکردنەوەی دیمەنێک لە سووتانی دارەستانەکانی گوندی “دووپلوورە” لە ناوچەی چەمی شلێرە، ڕایگەیاندووە؛ جارێکی تر ئاگری نەیاران بەربووەتەوە جەستەی نیشتمان و دارستانەکان و ژینگەی کوردستان سووتایەوە.
هەر لەم پێوەندییە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی ڕۆژهەڵات ڕایانگەیاندووە کە بڕینی داری دارستانەکانی کوردستان و ناوچەکانی زاگرۆس لەلایەن مۆرەکانی ڕێژیمەوە زیاتر پەرەی ستاندووە و بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران دەگوازرێتەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی هەینی، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەاتوی، گرووپی پاسکیلسواریی شاری شنۆ، بۆ پشتیوانی لە کەمپینی “گادەر سەرچاوەی ژیانە” و وەکوو ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕینەوەی دارەکان و گواستنەوەی خیزی چۆمی گادەر، ڕێگای چۆمی گادەریان گرتە بەر و لەسەر چۆمی گادەر ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا.