وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، داوای لە “ئاژانسی وزەی ناوکیی” کرد کە لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا پەیامێکی ڕوون بداتە ڕێژیمی ئێران کە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی نێو بەرجام بەبێ دواخستن.
“ژان لۆدریان”، وەزیری دەرەوەی فەرانسە هۆشداری دا کە ئەگەر بەشداریی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ٢٩ی نۆڤامبر لە ڤییەن ساختەکارانە بێ، بەرجام بە “پووچ و بێناوەڕۆک” دەزانن، لۆدریان لە لێدوانێکدا کە ڕۆژی هەینی ١٩ی نۆڤامبر لە ڕۆژنامەی “لومۆند” بڵاو کرایەوە وتی: یەکەم نیشانەی ڕاستی لە ڤییەن ئەوەیە کە ئایا وتووێژەکان لەگەڵ ئێران لەو شوێنەی کە لە مانگی ژوئەنی ڕابردوو ڕاگیراوە، دەستپێدەکەنەوە یان نا و پێویستە ڕێژیمی ئێران بەبێ هیچ مەرجێک بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی هەموو بڕیارەکانی ئاژانس بەبێ دواکەوتن و بە جیددی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکیی دەسپێبکاتەوە و بە تەواوی هەموو خاڵەکانی نێو بەرجام جێبەجێ بکات.
حەوتووی ڕابردوو “عەلی باقری” جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ بریتانیا وڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئورووپایی دایەوە سەبارەت بە دەستپێکردنی وتووێژەکان لە خاڵی کۆتایی پێش وەستان و وتی: “پێویستە سەرەتا پرسی لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران تاوتوێ بکرێ.”
جێی ئاماژەیە خولی نوێی ئەم وتووێژانە لە ٢٩ـی نۆڤامبر لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئوتریش دەست پێدکاتەوە؛ ئەم وتووێژانە پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی تاکوو ئێستا ڕاوەستاوە.