زەینەب سولەیمانی، کچی تێرۆریستی کوژراو قاسم سولەیمانی، لەسەر سامان و دارایی و بوودجەی وڵاتی ئێران تەخشان و پەخشان دەکات و پارە و داهاتی خەڵکانی ئەو وڵاتە بەفیڕۆ دەدات.
لە کاتێکدا گرانی و چارەڕەشی باڵی بەسەر خەڵکی وڵاتی ئێران و بەتایبەت چینی هەژار و کەمداهاتی ئەو وڵاتدا کێشاوە و یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، جیا لەوەی کە بەرپرس و ناوەند و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت سپای تێرۆریستیی پاسداران و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئەو ڕێژیمە دەستیان بەسەر سەرجەم دارایی و سامانی ئەو وڵاتە و پارە و داهاتی خەڵکدا گرتووە، منداڵانی بەرپرسانیش لەسەر پارە و سامان و داهاتی خەڵکانی ئێران خەریکی تەخشان و پەخشانن.
لەم پێوەندییەدا زەینەب سولەیمانی، کچی تێرۆریستیی کوژراو قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە دوو میلیۆن دۆلار بەرانبەر بە زیاتر لە پەنجا و حەوت میلیارد تمەنی ئێرانیی ڕادەستی دەزگای پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتیی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵای لوبنان کردووە و ڕایگەیاندووە ئەو بڕە پارەیە وەکوو دیاریی زەینەب سولەیمانی، کچی قاسم سولەیمانی ببەخشرێت بەو کچە لوبنانییە تازە پێشگەیشتووانەی کە هاوسەرگیریی کاتیی و ژیانی هاوبەش پێک دەهێنن.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا سپای تێرۆریستیی پاسداران لە درێژەی پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم بەدژی شۆڕشی گەلی کورد و حیزبە کوردستانییەکان، لە پڕۆپاگەندەیەکی بەرنامەداڕێژراودا لە شاری سنە ڕێوڕەسمێکی شانۆییان بەڕێوە برد و لەو ڕێوڕەسمەدا کچی تێرۆریستی کوژراو قاسم سولەیمانی، کەڵکاژۆی لە پارە و سامان و داهاتی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان وەرگرت، هەوڵی دا کە بە تەخشان و پەخشان دڵی بەکرێگیراوانی ڕێژیم خۆش بکا و ڕای گشتیی بەلاڕێدا بەرێت.