خاتوو “ئاهوو کڵاشی” خوشکی شەهید “مەحموود کڵاشی”، خاتوونێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی “قشلاخ”ـی سەر بە ناوچەی جوانڕۆ لە تەمەنی ٧٧ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاهوو کڵاشی کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خوشکی شەهید مەحموود کڵاشی، لە ئاوایی “قشلاخ”ـی سەر بە شاری جوانڕۆ لە تەمەنی ٧٧ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شەهید مەحموود کڵاشی ناسراو بە “مەحموود دێموکرات” لە جەریانی جەولەیەکی سیاسی لە پیلانێکی ڕێژیمدا لە داو دەکەوێ و دوای گرتن و گواستنەوە بۆ زیندانی دیزل ئاوای کرماشان ئێعدام دەکرێ و پەیوەست دەبێ بە ڕێزی کاروانی نەمرانەوە و شەهید دەبێ؛ خاتوو ئاهوو کچی “محەممەد تاهیر” بەگی باوەجانی، لەنێو بنەماڵەیەکی ناوداری ناوچەکە لەدایک بووە و لە کاتی فەرمانە بەدناوەکەی خومەینی بۆ هێرش بۆسەر کوردستان، بنەماڵەکەیان پەڕیوەی باشووری کوردستان بوون و ماڵی خاتوو ئاهو شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بوو و هەمیشە بە ڕوویەکی خۆش پێشوازی لە میوانە پێشمەرگەکانی دەکرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری خاتوو ئاوهوو کڵاشی، کەسوکاری و هەموو خەڵکی ناوچەی جوانڕۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.