باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “محەممەد ئەمینی” باوکی “ساڵح ئەمینی” شەهیدی ڕێگای ئازادی کوردستان، لە شارۆچکەی ڕەبەت بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک محەممەد ئەمینی، باوکی شەهید ساڵح ئەمینی شەهیدی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوونەوە لە شارۆچکەی ڕەبەت بۆ هەمیشە ماڵاوای لە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی هەموو کەسوکاری کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک محەممەد کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە ماڵەکەی جێی حەوانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، هەروەها شەهید ساڵح ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران شەهید بوو و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلی کوردەوە؛ لەو شەڕەدا تێرۆریستانی سپای پاسداران کوژراو و بریندارێکی زۆریان لێ کەوتەوە و شەهید ساڵح زۆر بوێرانە بەرپەرچی هەموو هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی دایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری کاک محەممەد ئەمینی، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.