“لیز تراس”، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی هەینی ١٩ـی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە بزووتنەوەی حەماس دەخاتە لیستی گروپە تیرۆریستیەکانەوە.
تراس هیوای دەربڕی کە دانانی حەماس لەنێو لیستی تێرۆرەوە، کۆتایی بە “کارەساتی دژەجوولەکە” بهێنێت.
پێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی بڕیاری دانانی حەماس لەنێو لیستی تێرۆری بریتانیا لەلایەن “پریتی پاتێل” وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە، ڕابگەیەنرێت و دواتر لە ڕۆژانی داهاتوودا لەشێوەی پڕۆژە یاسای حکومەت، پێشکەشی پەرلەمانی بریتانیا بکرێت. لەندەن پێشتر تەنیا باڵی سەربازیی حەماسی بە ناوی “گوردانەکانی عێزەدین قەسام” وەک گرووپێکی تێرۆریستی دەستنیشان کردبوو و باڵی سیاسیی بزووتنەوەکە لە لیستی تێرۆریستیدا نەبوو، بەڵام لە ئێستادا و پاش دەرکردنی ئەم بڕیارە هەر کردەوەیەک لە بریتانیا کە بە پشتیوانیی حەماس بکرێت، بە پشتیوانی لە تێرۆریزم دادەنرێت و بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
ئەو قەدەغانە هەڵدانەوەی ئاڵای حەماس و دەربڕینی پشتگیریی زارەکی یان ڕێکخستنی کۆبوونەوەی پشتگیری یان کۆکردنەوەی هەر یارمەتییەک بۆ ڕێکخراوی حەماس لەخۆ دەگرن.
لە کاردانەوە بەم بڕیارە “حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان”، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ئیدانەی بە تێرۆریست ناساندنی گرووپی حەماس لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “توویتێر” نووسیویەتی “: ناکرێت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕاستییەکان مافی گەلی فەلەستین پێشێل بکرێت و چارەسەریی سیاسیی کێشەی فەڵەستین لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمێکدا بە بەشداریی خەڵکی ڕەسەنی فەلەستینی “موسڵمان، جوولەکە و مەسیحی”ـە.
جێی ئاماژەیە حکومەتی بریتانیا سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا هاوئاهەنگ کردووە و حەماس وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی بە دنیا دەناسێنێت.