لە ناوچەی شنۆ بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی شاری شنۆ، لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە لەلایەن هونەرمەندانی ئەو ناوچەیەوە شانۆی سەرشەقام بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە گوندی “سینگان”ـی سەر بە شاری شنۆ بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی ئەو شارە لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە، لەلایەن ژمارەیەک هونەرمەندی شارەکە و بە سەرپەرستی “حوسێن بەلەدی” و بە بەشداری سەدان کەس لە خەڵکی گوندەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە، لەژێر ناوی “ئاوازی بێدەنگی” شانۆی سەر شەقام بەڕێوە چوو و یادی قوربانیانی ئەو کارەساتەیان بەرز ڕاگرت.
شایانی باسە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی بەعس، شاری شنۆ و دەوروبەریان کیمیاباران کرد و بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر لەو ناوچەیە، بوونە قوربانی سیاسەتە شەڕانگێزانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.