سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە پیلانێکی نوێدا پڕۆژەیەکی بۆ ڕاکیشانی هەستی خەڵکی کوردستان هێناوەتە گۆڕێ و دەیهەوێ لە هەر گوندێکدا سەندووقێک بۆ کۆکردنەوەی پارە دابنێ.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان، لە گوندەکانی کوردستان پیلانێکی نوێی داڕشتووە و بە بیانووی یارمەتی هەژاران، بە تەمایە لە هەر گوندێک سەندووقێک بۆ کۆکردنەوەی پارە دابنێ و بەو کارەی دەیهەوێ هەستی خەڵک ڕابکشێ و لە کۆتاییدا ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە، دەیبات بۆ خەزێنەی خودی خۆی و هیچ یارمەتییەکی خەڵکی هەژاری پێ نادا.
سپای تێرۆریستی پاسداران، بەردەوام لە کوردستان پلان و پیلانی جۆراوجۆری داڕشتووە بۆ ئەوەی هەستی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بەڵام خەڵکی کوردستان زۆر باش تێرۆریستانی خامنەیی دەناسن و هەموو جارێکیش بەرپەرچی پیلانەکانییان دەبنەوە و هیچکات ناچنە ژێر ڕکێفی سپای پاسداران و ئەویش بەردەوام هەوڵ دەدا بەو کارانەی متمانەی خۆی لای خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێتەوە.